ژیریی دەستکرد چییە و چۆن دەستەمۆی بکەین؟
پێشەکی
ژیری یان هۆش ئەو تواناییە سیحراوی و پڕ ڕەمز و ڕازەیە کە مرۆڤ خۆی پێ لە سەرجەم بوونەوەرانی دیکە جیا کردووەتەوە. مرۆڤ لە سەدەی بیستەمدا ئەو سیحرە دەکاتەوە و دەیکاتە پرسێکی ئەندازیاری. ژیری لە مرۆڤدا دادەشکنرێت بۆسەر کۆمەڵێک توانایی جیاجیا کە لەسەر بنەمای چالاکیی دەماریی مێشکن. لە گرینگترین لایەنە پێکهێنەرەکانی ژیری دەتوانین ئاماژە بە توانایی چارەسەری پرس، فێربوون، تێگەیشتن، بەڵگاندن، بڕیاردان و جێبەجێکردنی کردەوە بکەین.
ئەگەر ماشینێک ساز بکەین کە تا ڕادەیەک ئەو تواناییانەی ببن هێشتا دەتوانین مرۆڤ وەک تاکە بوونەوەری ژیر دابنێین؟ بواری زانستیی ژیریی دەستکرد، کە لقێکی زانستی کۆمپیوتەرە دەیهەوێت ئەو کارەمان بۆ بکات! بەر لە هاتنی ژیریی دەستکرد هەوڵێکی زۆر دراوە لەوە تێبگەین کە چۆن بیر دەکەینەوە و کردەوەمان چۆنە؛ مێشکی ئێمە چۆن دەتوانێت پەی بە جیهان ببات، لێی تێ بگات، پێشبینی بکات و دەستکاری بکات. بواری ژیریی دەستکرد تەنیا هەوڵ نادات لە هەبووە ژیرەکان تێبگات، بەڵکوو هەوڵ دەدات کە هەبووی ژیریش ساز بکات.
ژیریی دەستکرد چیتر وەک خەونێکی ڕۆشنبیری نەماوە بەڵکوو هەر ئێستا کە ئەم وتارە دەخوێننەوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کار بەو تەکنۆلۆژییە دەکەن: پێشنیاری ئەم بابەتە بە ئێوە لە ڕێگەی مەکینەکانی گەڕانەوە بە ژیریی دەستکرد دەکرێت؛ نووسەر لە ڕێگەی ناسینەوەی ئاخاوتن بەشێکی ئەم دەقەی تایپ کردووە؛ تۆش ئەگەر تاقەتی خوێندنەوەت نییە دەقەکە بدەرە سیستمی گۆڕینی دەق بۆ دەنگ و ڕاستەوخۆ کەڵک لەم تەکنۆلۆژییە وەربگرە (بۆ ئەو سیستمە سەردانی ماڵپەڕی ئاسۆسافت بکە: asosoft.com) . ئەم ڕاژە و خزمەتانە بێ بەرامبەر نین. تۆڕێکی ئاڵۆز لە ئەندازیاران، بەرهەمهێنەرانی دەیتا و کۆمپانیاکان ئەم کارانە ڕادەپەڕێنن و بوارێکی پڕ داهات ساز دەکەن کە ساڵانە زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار داهات بەرهەم دەهێنێت.
ژیریی دەستکرد زۆر ژێرلقی هەن. بەشی یەکەمی لقەکانی ژیریی دەستکرد گشتیترن و پاشخانی تیۆریکی بوارەکەن. فێربوون و بەڵگاندن بڕبڕەی پشتی لایەنی تیۆریکی ژیریی دەستکردن کە لە بەشی فێربوونی ماشیندا باسیان دەکەین. تیۆرییەکانی ژیریی دەستکرد ئەوەندە بە بەرفراوانی بە کار هاتوون کە زۆرینەی لقەکانی زانست، هونەر، زانستی مرۆیی و بارزگانییان گرتۆتەوە و لە بێژومار شوێن و لایەنی ژیانی مرۆڤدا بە کار دەهێنرێن. چەند نموونە لەو کەڵکانە بریتین لە: یاریی ڤیدیۆیی، شەترەنج، سەلماندنی تیۆرێمەکانی بیرکاری، ئاژووتنی ئۆتۆمبیل، فڕۆکەوانی، دەستنیشانکردنی نەخۆشی، پێشبینیی بازاڕی بورس، نووسینی شیعر، ناسینەوەی ئاخاوتن، ناسینەوەی ئاخێوەر، وەرگێڕانی ماشین، وەرگێڕانی دەنگ بۆ دەنگ، گۆڕینی دەق بۆ دەنگ، بەرنامەسازیی کۆمپیوتەر، دۆزینەوەی شێرپەنجە لە جینۆمدا، پێشنیاری دەرمان یان سازکردنی دەرمان بۆ نەخۆشێکی تایبەت، پێشنیاری کاڵا، دۆزینەوەی هاوڕێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، بڵاوکردنەوەی پرۆپاگەندای سیاسی، دیزاینی بینا، نیگارکێشی، دۆزینەوەی هاندەر بۆ یانەی وەرزشی، ڕاهێنان و فێرکردنی زمان، دۆزینەوەی فرتوفێڵ لە ترانسەکشنی بانکیدا، پاڵاوتنی ئیمەیلی سپەم، خوێندەوەی ناوەرۆکی مێشکی مرۆڤ، لابردنی نۆیز و ژاوەژاو لەسەر دەنگ، سیخوڕی، ڕۆبۆت و فرۆکەی شەڕکەر، کۆنترۆڵی هەڵسوکەوتی مرۆڤ، ناسینەوەی ڕوخسار، دۆزینەوەی کونەڕەشەکان، ئەستێرەکان و گەلەستێرەکان. چەندە باڵکێش! ئەو هەموو کەڵکە باش و خراپە چەندە دڵخۆشکەر و هاوکات چەندەش ترسێنەرە. شیکردنەوەی هەرکام لەو سیستمانە و سەدان کەڵکی دیکە هەرکامەیان وتارێک یان پەرتووکێکی دەوێت کە لێرەدا مەجالی ئەوەمان نییە. تەنیا لە بەشی کەڵکاژۆی ژیریی دەستکرددا هەوڵ دەدەین چەند دانە لە بەکارهێنانە خراپەکانی ئەو بوارە باس بکەین.
ژیریی دەستکرد چییە؟
گوتمان کە ژیریی دەستکرد سەرنجڕاکێشە بەڵام نەمانگوت چییە. لێکۆڵەران بە شوێن چەندین چەشن و پێناسەی ژیریی دەستکرددا چوون. هەندێک ژیرییان بەپێی کردەوەکانی مرۆڤ لێک داوەتەوە، ئەوانی تر پێناسەیەکی زیاتر ئەبستراکت و فۆرماڵی ژیرییان پێ باشترە. هەندێک کەس ژیری وەک پێواژۆکانی بیرکردنەوە و بەڵگاندن سەیر دەکەن، هەندێکی تر لەسەر ڕەفتاری ژیرانە جەخت دەکەنەوە. بە ڕانانی دوو ڕەهەندی مرۆڤ لەبەرامبەر ئاوەزمەندی (Rationality) و هزر لەبەرامبەر هەڵسوکەوتدا چوار بۆچوون ساز دەبن، هەر چوار ڕوانگەکە لایەنگر و پلانی توێژینەوەی تایبەت بە خۆیان هەیە. لە درێژەدا هەر چوار بۆچوونەکە باس دەکەین.
1. کردەوەی وەک مرۆڤ
تاقیکاریی تورینگ لە لایەن ئالان تورینگەوە پێشنیار کراوە. بە زمانێکی زۆر سادە تاقیکارییەکە بەو شێوەیە کە مرۆڤێک و کۆمپیوتەرێک وتووێژێک دەکەن. کەسێک ئەم وتووێژە هەڵدەسەنگێنێت و دەبێت جیای بکاتەوە کە کامیان ئی مرۆڤە و کامیان ئی ماشینە. ئەگەر نەیتوانی لێکیان هەڵاوێرێت، ئەوا ماشینەکە هاوشێوەی مرۆڤ هەڵسوکەوتی ژیرانەی هەیە. کۆمپیوتەرێکی وا پێویستە ئەم چوار تایبەتمەندییەی ببن:
- پێواژۆی زمانی سروشتی (Natural language processing ) لە ڕێگەی زمانی سروشتییەوە پەیوەندی دەگرێت؛
- نواندنی زانین (Knowledge representation) دەتوانێت زانیاری و زانین (لە سەرجەم دەقەکەدا زانیاری بۆ information و زانین knowledge بۆ بە کار دەهێنرێت.) پاشەکەوت بکات؛
- بەڵگاندنی ئۆتۆماتیک (Automatic reasoning) ئەنجامگیری لە پرسیارەکان دەکات؛
- فێربوونی ماشین (Machine learning) دەتوانێت وەڵامی پرسیاری نەبینراو و نوێ بداتەوە.
هەندێک سیستمی ژیریی دەستکرد تا ڕادەیەک بەو چوار تایبەتمەندییە تەیار کراون. ڕەنگە زۆر کەس بە ڕاستی کاتی قسەکردن لەگەڵ چەت جی.پی.تی نەزانن کە مرۆڤ وەڵامی داونەتەوە یان ژیریی دەستکرد. بۆیە گرینگە لێرەدا پرسیار بکەین کە ئایا سیستمێک لەو تاقیکارییە تێپەڕ بێت ژیری هەیە؟
وەک گوتمان لە تاقیکاریی تورینگدا مرۆڤەکە بەرامبەرکەی نابینێت. تاقیکارییەکی دیکە بە ناوی تاقیکاریی گشتیی تورینگ پێشنیار کراوە کە گریمانەی ئەوەیە بە شێوەی فیزیکیش مرۆڤ و ماشینەکە پەیوەندییان هەیە. بۆ پەیوەندیی فیزیکی پێویستمان بە دوو شتی دیکە هەیە:
- بینایی کۆمپیوتەر (Computer vision) و ناسینەوەی ئاخاوتن (Speech recognition) بۆ ئەوەی توانایی بیستن و بینین بدەین بە کۆمپیوتەرەکە؛
- ڕۆبۆتیکس (Robotics ) بۆ ئەوەی کۆمپیوتەرەکە بتوانێت جووڵە بکات و شتەکان ڕابگرێت.
گرینگیی تاقیکاریی تورینگ پێشکەش کردنی چوارچێوەیەک بۆ ژیریی دەستکردە، وەها کە ئەو شەش بوارەی ئاماژەیان پێکرا بەشی زۆری ژیریی دەستکرد پێکدەهێنن.
2. هزرین وەک مرۆڤ
لە بۆچوونی یەکەمدا هەوڵ درا ماشینێک ساز بکرێت کە هاوشێوەی مرۆڤ توانایی ژیری ببێت. پرسیارێکی مەنتقی لێرەدا ئەوەیە بۆ خودی مرۆڤ ساز نەکەین؟ بۆ سازکردنی مرۆڤ دەبێت سەرەتا باش مرۆڤ بناسین تاکوو بیکەینە کۆمەڵێک بەرنامەی کۆمپیوتەری. سەختامێری ژیری و هزری مرۆڤ مێشکە؛ نەرمامێری ئەو مەکینەش وەک تواناییەکانی زەینی مرۆڤ دەناسین. بوارێکی زانستیی نوێ کە هەوڵ دەدات زەینی مرۆڤ شرۆڤە بکات زانستی ناسینییە. زانستی ناسینی بوارێکی نێوان-لقییە کە لە زانستی کۆمپیوتەر، زانستی دەماری، دەروونناسی، مرۆڤناسی، زمانناسی، فەلسەفە و تا ڕادەیەک لە ئابووریناسی و کۆمەڵناسی پێکدێت. پاش ئەوەی زانیمان زەین چۆن کار دەکات، دەکرێت وەک بەرنامەیەک لەسەر کۆمپیوتەر جێبەجێی بکەین.
زانستی ناسینی پێشکەوتنێکی یەکجار بەرچاوی بووە و تا ڕادەیەکی زۆر لە ژیریی دەستکردیش دابڕاوە. دەکرێت مرۆڤەکان لە ماسییەوە بۆ مەلە و لە کۆترەوە بۆ فڕین ئیلهام وەربگرن بەڵام هەمیشە لاساییکردنەوە نامانگەیەنێتە مەنزڵ، پێویستە لەوە تێبگەین کە میکانیزمەکانی فڕین چۆنن. لێرەشدا پێویستە تێبگەین کە میکانیزمەکانی ژیری چۆنن. ئەمەش بەو واتایە کە بۆ دەستەبەرکردنی سیستمێکی ژیر مەرج نییە حەتمەن لاسایی مێشک بکەینەوە. بەڵام ئەوەش لە بیر نەکەین کە دانوستانی ژیریی دەستکرد و زانستی ناسینی زیندوو ڕابگرین چونکە لە زۆر شوێناندا یارمەتیی یەکتریان داوە. هەم بە کۆمپیوتەر توانیومانە باشترە لە زەین و مێشکی مرۆڤ تێبگەین، هەم لە ڕێگەی تێگەیشتن لە مێشکی مرۆڤەوە ئیلهاممان وەرگرتووە کە چۆن سیستمە ژیرەکان دابڕێژین. نموونەی هەرە بەرچاو لقێکی گەورە و هەرە سەرکەوتووی فێربوونی ماشین لەسەر بنەمای تۆڕە دەمارییە دەستکردەکانە (Artificial neural network) کە هاوشێوەیەکی سادەکراوەی تۆڕە دەمارییەکانی مێشکی مرۆڤن. لە تۆڕە دەمارییە دەستکردەکانیشدا ئەوانەی بۆ بینایی ماشین پەرە دراون زۆر بە ڕاشکاوی لە زانستی ناسینییەوە سەرچاوەیان گرتووە.
3. بیرکردنەوەی ئاوەزمەندانە
فەیلەسووفی یۆنانی، ئەرەستوو، یەکەم کەس بوو کە هەوڵی دا ڕێساکانی "بیرکردنەوەی ڕاست" دەربهێنێت- ڕێساگەلێک کە بەڵگاندن بەپێی ئەوان ڕەت ناکرێتەوە. گریمانە ئەوە بوو کە یاساکانی هزر چۆنیەتیی کارکردنی زەین دیاری دەکەن؛ توێژینەوە لەسەر ئەو یاسایانە بووە هۆی سەرهەڵدانی بوارێک کە بە لۆجیک ناسراوە. بەرنامەکان دەتوانن هەر پرسێک چارەسەر بکەن کە دەکرێت بە زمانی لۆجیک بەیان بکرێت. ئەو نەریتە لۆجیکخوازییە لە ژیریی دەستکرددا هیوای ئەوەیە کە لەو ڕێگەیەوە بەرنامەکان بۆ دروستکردنی سیستمە ژیرەکان ساز بکات.
بۆ ژیریی دەستکرد لەسەر بنەمای لۆجیک پێویستمان بە دەرهێنانی کۆمەڵێک ڕێسا هەیە. بۆ وێنە ئەو ڕێسایانەی کە لە یاریی شەترەنجدا هەن. کێشەی سەرەکی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە بە سادەیی ناتوانین ڕێساکان بزانین، بۆ وێنە چۆن پێشبینی دەکەن کە دوو کەس هاوژینی باش دەبن بۆ یەکتری؟ ئێستا بەرنامەکانی دۆزینەوەی هاوژین و دۆست ئەو کارەمان بۆ دەکەن، بەڵام لەسەر بنەمای لۆجیک دانەمەزراون! دەزگای مەنتقیی جیاجیا لە بواریی ژیریی دەستکرددا پەرە دراون کە لە هەمووان سەرکەوتووتر مەنتقی فازی و سیستمە فازییەکانن. ئەو سیستمانە بەشێکی بەرچاو لە مێژووی ژیریی دەستکردیان بۆخۆیان تەرخان کردووە. لە سیستمەکانی مەنتقی فازیدا بۆ وێنە دەتوانین وەڵامی ئەو ڕستەیە پیشان بدەین و پێواژۆی کۆمپیوتەری لەسەر جێبەجێ بکەین: "ئەگەر کەسی X تا ڕادەیەک حەزی بە دەنگی کەسی Y بوو، تۆزێک دڵی بۆی دەچێت." سیستمە فازییەکان زۆر سەرکەوتنی گەورەیان تۆمار کردوون، هەرچەند ئەم ساڵانە پاشەکشەیان کردووە و نازانین کە لە داهاتوودا بۆ هەمیشە جێمان دەهێڵن یان پاش دامرکانەوەی کەفوکوڵی ئەم ساڵانەی تۆرە دەمارییەکان (بۆچوونی هزرین وەک مرۆڤ) بۆ چارەسەری زۆر پرسی بێوەڵام دەگەڕێنەوە بۆ لامان!
4. کردەوەی ئاوەزمەندانە
بکەر (Agent) شتێکە کە کردەوەی هەیە. بەدڵنیاییەوە، هەموو بەرنامەکانی کۆمپیوتەر کارێک دەکەن، بەڵام چاوەڕوانی لە بکەرە کۆمپیوتەرییەکان زۆرترە: سەربەخۆیانە کار بکەن، پەی بە ژینگەیان ببەن، لە درێژخایەندا بمێننەوە، خۆیان بگۆڕن و بگونجێنن، و شوێن ئامانجەکان بکەون. بکەری ئاوەزمەند (Rational agent) بکەرێکە کە کردەوەکانی بە شێوەیەکن بگاتە باشترین ئەنجام یان کاتێک نادڵنیایی هەیە، بگاتە باشترین ئەنجامی چاوەڕوانکراو. لە بۆچوونی "یاساکانی هزر" بۆ ژیریی دەستکرد، لەسەر ئاکامگیریی دروست جەخت کرایەوە. ئاکامگیریی دروست تەنیا بەشێک لە ئاوەزمەندیی بکەرێکە. بۆ نموونە، دەست کێشانەوە لە کوورەیەکی گەرم پەرچەکردارێکە کە زۆربەی کاتەکان لە کردەوەیەکی هێواشی بیرلێکراوە سەرکەوتووترە.
هەموو ئەو تواناییانەی بۆ تاقیکاریی تورینگ پێویستن، یارمەتیی بکەرێک دەدەن ئاوەزمەندانە بجووڵێتەوە. نواندنی زانین و بەڵگاندن وا دەکەن کە بکەرێک بگاتە بڕیاری باش. بۆ ئەوەی بچینە ناو جڤاتێکی ئاڵۆزەوە، پێویستە کە بتوانین ڕستەی گشتگیر و تەواو لە زمانی سروشتیدا ساز بکەین. ئێمە هەر بۆ خوێندن نییە کە پێویستمان بە فێربوون هەیە بەڵکوو بۆ ئەوەی هەڵسوکەوتێکی کارامان بە تایبەت لە بارودۆخە نوێیەکاندا ببێت، پێویستە فێر ببین.
بۆچوونی بکەری ئاوەزمەند بۆ ژیریی دەستکرد دوو قازانجی لەچاو بۆچوونەکانی تر هەیە. یەکەم، زۆر لە "یاساکانی هزر" گشتیترە، چونکە ئاکامگیریی دروست تەنیا یەکێک لە چەندان میکانیزمی گەیشتن بە ئاوەزمەندییە. دووەم، زۆر باشتر لەگەڵ چوارچێوەی زانست دەگونجێت. پێوانەی ئاوەزمەندی لە ڕووی بیرکارییەوە باش پێناسە کراوە. بەم شێوەیە دەتوانین بکەرێک دابڕێژین کە بە زمانی بیرکاری بیسەلمێنین دەگاتە ئامانجەکەی. بەڵام شتی وا ناشێت ئەگەر بێت و ئامانج لاساییکردنەوەی هەڵسوکەوت یان پێواژۆکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ بێت.
بەم هۆیانە، بۆچوونی بکەری ئاوەزمەند بۆ ژیریی دەستکرد باڵی بەسەر سەرجەم مێژووی بوارەکەدا کێشاوە. لە دەیەکانی سەرەتادا، بکەرە ئاوەزمەندەکان لەسەر بنەمای لۆجیک و پلانی پێناسەکراو دامەزرابوون تاکوو بە ئامانجەکانیان بگەن. دواتر، تیۆریی شیمانە و فێربوونی ماشین هەلی سازکردنی بکەری وا دەدەن کە بتوانن لە دۆخی نادڵنیاییدا بڕیار بدەن تاکوو بە باشترین ئەنجام بگەن.
بە پوختی، ژیریی دەستکرد بوارێکی توێژینەوەیە لەسەر سازکردنی بکەرەکان کار دەکات و ئەو شتە دەکەن کە ڕاستە. ئەو شتەی ڕاست ئەژمار دەکرێت بەپێی ئەو ئامانجە پێناسە دەکرێت کە بۆ بکەرەکەی دیاری دەکەین. ئەم پارادایمە گشتییە ئەوەندە بەرفراوانە کە دەکرێت پێی بڵێین مۆدێلی ستاندارد. مۆدێلی ستاندارد لە دەسپێکی ژیریی دەستکرددا ڕێنوێنێکی یارمەتیدەر بووە، بەڵام لەوانەیە مۆدێلێکی دروست بۆ درێژماوە نەبێت.
لقەکانی فێربوونی ماشین
بەشێکی گەورەی لایەنی تیۆریک و توێژینەوەی ژیریی دەستکرد دەکریت لە فێربوونی ماشیندا کۆ بکەینەوە. فێربوونی ماشین ئەوەندە بەرفراوانە کە زۆر جاران لەگەڵ خودی ژیریی دەستکرد بەرامبەری یەک دادەنرێن. لەم بەشەدا باس لە قوتابخانە سەرەکییەکانی فێربوونی ماشین دەکەین کە چۆناوچۆن توانایی فێربوون و بەڵگاندن بە بکەرە ژیرەکان دەبەخشن. سەرەکیترین قوتابخانەکان بریتین لە هێماخوازەکان (Symbolist) ، پەیوەندخوازەکان (Connectionist ) ، فراژۆخوازەکان (Evolutionarist) ، بەیزییەکان (Baysian) و لێکچوواندن (Analogizer) . هەر دەستە و تاقمەی هەندێک بڕوای سەرەکی هەن و هەرکامیان زۆرتر لەسەر پرسێکی تایبەت چڕ بووەتەوە.
هێماخوازەکان بڕوایان وایە کە دەکرێت ژیری بۆ ئاستی کارکردن لەگەڵ هێماکان دابشکنێرێت. بە هەمان شێوە کە بیرکارەکان بە جێگۆڕکێی دەستەواژەکان و هێماکان هاوکێشەکان چارەسەر دەکەن. هێماخوازەکان لەوە تێدەگەن لە ئێوە لە هیچەوە دەست بە فێربوون ناکەن: بۆ فێربوون پێویستتان بە هەندێک زانینی سەرەتایی هەیە. ئەوان لەوە تێگەیشتوون کە چۆن زانینی پێشوەختە یارمەتیی فێربوون دەدات. ئەلگۆریتمەکانی هێماخوازی لە ڕێگەی دیداکشنەوە کار دەکەن.
بۆ پەیوەندخوازەکان، فێربوون ئەو شتەیە کە مێشک دەیکات و کارێک کە پێویستە بیکەین ئەندازیاریی پێچەوانەی مێشکە. مێشک بە گۆڕانکاری و گونجاندنی پەیوەندیی نێوان دەمارەخانەکان فێر دەبێت و کاری سەرەکی لەم بوارەدا ئەوەیە کە بە دوای ئەوەدا بگەڕێین کە کام پەیوەندیی نێوان دەمارەخانەکان دەبێتە هۆی هەڵە و بەوپێیە دەستکاری بکەین. ئەلگۆریتمی شارەزای پەیوەندخوازەکان پاشپارڤەیە (Backpropagation) کە دەرچووی سیستمەکە لەگەڵ دەرچوویەکی دڵخواز بەراورد دەکات و پاشان چین بە چین و هەنگاو بە هەنگاو پەیوەندیی نێوان دەمارەخانەکان دەستکاری دەکات تاکوو وای لێ بکات کە دەرچووی سیستمەکە لەگەڵ ئەو شتەی دڵخوازی ئێمەیە لێکتر نزیک بن. پەیوەندخوازی زیاتر لەگەڵ بۆچوونی هزرین وەک مرۆڤ واتە بۆچوونی دووەم بۆ ژیریی دەستکرد یەک دەگرێتەوە.
فراژۆخوازان پێیان وایە هەڵبژاردنی سروشتی ماک و کرۆکی فێربوونە. ئەگەر هەڵبژاردنی سروشتی ئێمەی ساز کردووە، دەتوانێت هەر شتێک بکات، تەنیا کارێک پێویستە بیکەین ئەوەیە کە هاوشێوەکەی لە کۆمپیوتەردا پیادە بکەین. شاپرسی فراژۆخوازی پێکهاتەی فێربوونە: تەنیا کاری گۆڕینی پارامیترەکان ناکەن، وەک ئەوەی کە پاشپارڤە دەیکات، بەڵکوو دەبێت خودی مێشکیش دروست بکەن، ئەوجار دێنە سەر ڕاهێنان و فێرکردنی مێشکەکە. ئەلگۆریتمی فراژۆخوازان بەرنامەسازیی جەنەتیکە (Genetic programming) ، لەو ڕێبازەدا بەرنامەکانی کۆمپیوتەر هاوشێوەی سروشت جووت دەبن و گەشە دەکەن و پێدەگەن. ئەو کارەش هەر لەوە دەکات کە سروشت بوونەوەران ساز دەکات. ئەم بۆچوونەش هاوشێوەی پەیوەندخوازی زیاتر بە "هزرین وەک مرۆڤ" نزیکە. جیاوازییەکی گەورە ئەوەیە کە لە پەیوەندخوازیدا مێشکێکی ئامادە دەهێنین و ڕایدەهێنین بەڵام لە فراژۆخوازیدا هەوڵ دەدەین مێشک یان پێکهاتەی فێرخواز دروست بکەین.
بەیزییەکان لە سەرووی هەر شتێکەوە بیر لە نادڵنیایی (Uncertainty ) دەکەنەوە. زانین نادڵنیایی لەگەڵە و خودی فێربوونیش چەشنێک ئاکامگیریی نادڵنیاییە. لێرەدا پرسەکە دەبێتە ئەوەی کە چۆن لەگەڵ زانیاریی نۆیزی، ناتەواو و تەنانەت هاودژ هەڵبکەین کە لە خودی ئەو شتە دوور نەکەوینەوە دەمانهەوێت فێری ببین. چارەسەر ئاکامگیریی شیمانەیی (Probabilistic inference ) - تیۆرێمی بەیز و شێوە جۆربەرجۆرەکانی-یەتی. تیۆرێمی بەیز پێمان دەڵێت کە چۆن بینراوی نوێ تێکەڵ بە بڕواکانمان بکەین و ئەلگۆریتمەکانی ئاکامگیریی شیمانەیی بە شێوەیەکی کارا ئەو کارەمان بۆ دەکەن.
بۆ خێڵی لێکچوواندن، شاکلیلی فێربوون دەستنیشانکردنی لێکچوونەکان لە نێوان چەند دۆخدایە و لەو ڕێگەیەوە لێکچوونی تر دەدۆزرێنەوە. ئەگەر دوو نەخۆش نیشانەیان وەک یەک بن، لەوانەیە یەک نەخۆشییان ببێت. پرسی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە دوو دۆخ چەندە لە یەک دەچن. ئەلگۆریتمی شارەزای لێکچوواندن ماشینی ئاراستەبڕی پشتیوانە (Support vector machine) کە بڕیار دەدات کام ئەزموونانەی لە بیر بمێنن و چۆن ئەزموونەکانی تێکەڵ بکات بۆ ئەوەی حاڵەتی نوێ پێشبینی بکات.
کەڵکاژۆی ژیریی دەستکرد
چەند باش دەبوو گەر هەوڵ و تێکۆشانی مرۆڤ بە دڵاوایی و دلۆڤانییەوە بخرایە بەردەستی هەمووان، بەڵام دەبێت چاوێکیشمان لەوە بێت نەوەک خراپەکاران ئەو پێشکەوتنە خێرایەی مرۆڤایەتی بقۆزنەوە. خوێندنەوە لەسەر ئەو خراپەکارییە هەژێنەرە، بەڵام چار نییە، دەبێت تا کار لە کار نەترازاوە بیری لێ بکرێتەوە.
پۆلیسی ئەڵمانی ڕۆژهەڵات، شتازی، یەکێک بوو لە "ژێهاتیترین و سەرکوتکارترین ناوەندەکانی سیخوڕی و پۆلیسی نهێنیی هەموو سەردەمەکان." پەڕاوی بۆ زۆرینەی زۆری خەڵکی ئەڵمانی ڕۆژهەڵات کردبۆوە. چاودێریی تەلەفۆنەکانی دەکرد، نامەکانی دەخوێندنەوە و لە ماڵ و ئاپارتمانان کامێرای چاودێری دادەنا. شتێک بەدڵی وی نەبوایە، ئەوەندەی یەک و دوو دەیدۆزییەوە. لەجیاتیی زیندانی و هەڵواسین بەم کارەی دەیویست دەروونی خەڵکی ئاڵۆز بکات. ئەو گشتە خۆسەپێنییە تێچووی زۆر بوو. هەندێک بەراورد دەڵێن چارەکێکی ئەو گەنجانەی کاریان پێدەکرا سیخوڕی شتازی بوون. ئەژماری پەڕەکانی شتازی گوایە خۆی لە بیست ملیاردان داوە و بەراورد وایە کە ئەو پارەی بۆ کار لەسەر ئەو پەڕاوانە بە فیڕۆ دراوە لە هەرچی دامەزراوەی مرۆڤایەتی تێپەڕاندبێت.
نابێ پێمان سەیر بێت کە ئاژانسەکانی سیخوڕی بەرۆکی توانایی ژیریی دەستکرد بگرن. ئەوان چەندان ساڵە بۆ کاروباریان کەڵکیان لە شێوازی ساکاری وەک ناسینەوەی دەنگ و ناسینەوەی کلیل وشەکان و دەستەواژەکان لە دەنگ و دەقدا وەرگرتووە.
تا دێت سیستمەکانی ژیریی دەستکرد زۆرتر بەرەو ئەوە دەچن لە ناوەرۆکی ئەو شتە تێبگەن کە خەڵکی دەیڵێن و دەیکەن، بۆیە سیخوڕییەکە دەکرێت لەسەر دەنگ، دەق یان ڤیدیۆ بکرێت. خەڵکی بندەستی ئەو دەسەڵاتە زۆردارانەی کە ئەم تەکنۆلۆژییە بۆ دەستبەسەرداگرتنی خەڵک دەقۆزنەوە، وەک ئەوەیە هەرکامیان پەڕاوێکیان لای شتازی ببێت و بیست و چوار سەعاتەی خودای لەژێر چاوەدێریدا بن.
تەنانەت لەو وڵاتانەش کە هەندێک ئازادی زۆرترە و مەدەنیترن، خەڵک لەبەردەم تیغی سیخوڕیدایە. کۆمپانیاکان زانیاریی شت کڕینی ئێمە، کەڵکی ئێمە لە ئینتەرنێت و تۆڕی کۆمەڵایەتی، بەکارهێنانی ئامێرە ئەلەکتریکییەکان، تۆماری نامە و قسەکردنمان، کاروبار و تەندروستیمان کۆ دەکەنەوە و دەیفرۆشن. بە تەلەفۆنەکانمان و ئوتومبیلەکانمان کە ئینتەرنێتیان هەیە، دەزانن لە کوێین. کامێراکان ڕوخسارمان لەسەر شەقامان دەناسنەوە. دەکرێت هەموو ئەم دراوەیە و زۆری تریش لەلایەن سیستمەکانی زانیاریی سیخوڕییەوە کۆ بکرێتەوە تاکوو وێنەیەکی گشتیمان لێ دەربهێنن کە چی دەکەین، چۆن ژیان بەسەر دەبەین، حەزمان لە کێیە و دڵمان بە چییەوە نییە و تەنانەت دەنگ بە کێ دەدەین. کەواتە شتازی دواشوانیی ئەم سیستمانەشی پێ ناکرێت.
هەر کە ئەم تواناییەی سیخوڕی خرایە گەڕ، هەنگاوی دواتر کۆنترۆڵی هەڵسوکەوتی ئێوەیە بۆ ئەوەی شوێن ئەوانە بکەون کە ئەم تەکنۆلۆژییەیان داناوە. کارێکی زۆر قێزەون کە خۆکار کراوە، بلەکمەیلە: سیستمێک کە دەزانێت ئێوە چی دەکەن -ئەو کارە بە گوێگرتن، خوێندنەوە، یان سەیرکردنی ئێوە دەکات- و وا دەکات کە نەتوانن هەندێک کار بکەن. هەر ئەوەی شتێکی لێ دۆزینەوە، دەست دەکات بە پارەکێشانەوە لێتان. خۆ ئەگەر ئامانج کۆنترۆڵی سیاسی و شۆفاری بێت ئەوا زۆر خراپ بۆتان دەشکێتەوە. پارەکێشانەوە دەکرێت پێوەرێکی باش بێت بۆ ئەلگۆریتمەکانی فێربوونی بەهێزکەرانە، بۆیە هەر ئەوەی کە ئەلگۆریتمێک توانی پارەیەک وەربگرێت، ئەو پاداش وەرگرتنە وا دەکات کە زۆر خێرا فێر ببێت چۆن کارەکەی باشتر جێبەجێ بکات و لە هەڵسوکەوتی ئێوە قازانجێکی زۆرتر بکات.
ڕێگەیەکی زیرەکانەتر بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتی خەڵکی ئەوەیە کە زانیارییان سەبارەت بە دەوروبەریان بگۆڕی، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی جیاواز هەڵسوکەوت بکەن و بڕیاری جیاواز بدەن. بەڵێ، بانگەشەکاران چەندین سەدەیە کەڵک لەوە وەردەگرن تاکوو هەڵسوکەوتی کەسەکان لە شت کڕیندا بگۆڕن. کەڵکوەرگرتن لە شات و شووت و پرۆپاگەندا لە شەڕ و خۆسەپاندنی سیاسیدا مێژووەکەی لەوەش کۆنترە.
مادام دامودوزگای سیخوڕی، شوێنکەوتن و پرۆپاگەندا ئاوا مێژوویەکی کۆنیان هەیە، چ شتێک گۆڕاوە و چی لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا جیاوازە؟ یەکەم، چونکە سیستمەکانی ژیریی دەستکرد دەزانن کەسەکان چی دەخوێننەوە و چییان بەدڵە، تێدەگەن کە کەسەکە چەندە دەزانێت، بەو زانینەوە هەندێک پەیام بۆ کەسەکە دەنێرن تاکوو کاریگەرییان لەسەری بگەیەننە لوتکە، لە هەمان دەمدا ئەو مەترسییە کە کەسەکە لەو زانیارییە دڕدۆنگ و دوودڵ بێت دەگەیەننە نزمترین ئاست. دووەم، سیستمەکانی ژیریی دەستکرد دەزانن کەسەکان لە خوێندنەوەی پەیامێکدا چەندیان پێ دەچێت، هەروەها دەزانن کە داخۆ شوێن ئەو بەستەرانە دەکەون کە لە پەیامەکەدا هەیە. لێرەوە تێدەگەن کە داخۆ لە هەوڵەکەیان بۆ کاریگەریدانان لەسەر کەسەکە سەرکەوتوو بوون یا نا؛ بەم شێوەیە زۆر خێرا فێر دەبن و لێهاتووتر دەبن. ئەلگۆریتمەکانی هەڵبژاردنی ناوەرۆک لەسەر میدیای کۆمەڵایەتی بەم شێوەیە کاریگەری لەسەر بۆچوونە سیاسییەکان دادەنێن. بەو ڕێبازەی فێربوون کە لەم بڕگەدا ئاماژە کرا دەگوترێت فێربوونی بەهێزکەرانە کە هاوشێوەی مرۆڤ، مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد لە ڕێگەی پاداش و سزاوە ڕادەهێنرێن.
لە بکەری ئاوەزمەندەوە بەرەو بکەری سوودبەخش
لە بۆچوونی چوارەم بۆ ژیریی دەستکرد، واتە بکەری ئاوەزمەند، گەیشتینە مۆدێلێکی ستاندارد بۆ ژیریی دەستکرد. پاشان بە کورتی هەندێک لە مەترسییەکانی ژیریی دەستکردمان باس کردن. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە چۆناوچۆن ژیریی دەستکرد پێناسە بکرێتەوە و دابڕێژرێت کە ئەو مەترسییانە کەم بکرێنەوە یان کۆنترۆڵ بکرێن. لێرەدا مۆدێلی ستانداردی ژیریی دەستکرد واتە بکەری ئاوەزمەند کە ئامانجێکی هەیە دەگۆڕین و دەیکەین بە بکەری سوودبەخش.
مۆدێلی ستاندارد لە دەسپێکی ژیریی دەستکرددا ڕێنوێنێکی یارمەتیدەر بووە، بەڵام لەوانەیە مۆدێلێکی دروست بۆ درێژماوە نەبێت. چونکە گریمانەی مۆدێلی ستاندارد ئەوەیە کە ئامانجێکی تەواو دیاریکراو بۆ ماشین دابین دەکەین.
بۆ ئەرکێکی پێناسەکراوی دەستکرد وەک یاریی شەترەنج یان دۆزینەوەی کورتترین ڕێگە، ئامانج لە خۆیدا شتێکی دیاریکراوە، کەواتە دەکرێت بۆ ئەرکی لەو شێوە کەڵک لە مۆدێلی ستاندارد وەربگیرێت. ئەگەر بچینە ناو جیهانی ڕاستەقینەوە، دیاریکردنی تەواوەتی و بێخەوشی ئامانجەکان زۆر ئاستەمتر دەبێتەوە. بۆ نموونە، بۆ داڕشتنی ئۆتۆمبیلێکی خۆئاژۆ، ڕەنگە کەسێک وا بیر بکاتەوە کە ئامانج دەبێت گەیشتن بە شوێنی مەبەست بە پارێزراوی بێت. بەڵام بە هۆی هەڵەی شۆفیرەکانی ترەوە لەوانەیە شۆفیری ببێتە هۆی مەترسیی زیانگەیشتن بە سەرنشینان، تێکچوونی کەلوپەلەکان و هتد؛ کەواتە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو وەک پارێزراوی، باش وایە هەر لە گاراژدا بمێنیتەوە. دەبێت پێکهاتنێک لەنێوان ئامانجی ڕۆیشتن بەرەو شوێنی مەبەست و خۆپارێزی لە مەترسیی زیانگەیشتن بێتە ئاراوە. ئەو پێکهاتنە چۆن دەکرێت؟ جگە لەوە، دەبێت تا چەندە ڕێگە بە ئۆتۆمبیلەکە بدرێت کاری وا بکات کە شۆفیرەکانی تر وەڕەز دەکات؟ ئۆتۆمبیل چۆن دەبێت لەنێوان تاودان، بادان و ڕاگردا هاوئاهەنگی بکات کە سەرنشینەکان نەهێنێت و نەبات؟ وەڵامی پێشوەختە بەم پرسیارانە ئاستەمە. ئەوانە بە دیاریکراوی بابەتی مامەڵەی مرۆڤ-ڕۆبۆتن، کە ئۆتۆمبیلی خۆئاژۆ تەنیا نموونەیەک لەو جۆرە پرسانەیە.
پرسی گەیشتن بە سازانێک لەنێوان ویستە ڕاستەقینەکانی ئێمە و ئامانجێک کە بۆ ماشین دیاری کراوە پێی دەگوترێت پرسی لەهەڤهاتنی بەها (Value alignment problem) : بەهاکان یان ئامانجەکان کە بۆ ماشین دیاری دەکرێن دەبێت لەگەڵ ئەوانی مرۆڤ یەک بخرێن. ئەگەر دەمانەوێت سیستمێکی ژیریی دەستکرد بۆ تاقیگە یان هاوشێوەسازێک (Simulator ) پەرە بدەین –کە ئەوە ئامانجی زۆربەی حاڵەتەکان لە مێژووی ئەو بوارەدا بووە– ڕێگەیەکی زۆر سادە بۆ چارەسەری ئامانجێکی خراپ هەیە: سیستمەکە ڕیسێت بکەوە، ئامانجەکە بگۆڕە، جارێکی تر هەوڵ بدەوە. ئێستا کە بوارەکە زیاتر بەرەو پەرەدانی سیستمی ژیر لەناو جیهانی ڕاستەقینەدا دەچێت، چیتر ئەوە ڕێگەیەکی کردەیی نییە. سیستمێک کە ئامانجەکەی بە دروستی بۆ دیاری نەکرابێت، لێکەوتەی خراپی دەبن. جگە لەوە، تا سیستمەکە ژیرتر بێت، لێکەوتە خراپەکانی زۆرتر دەبن.
بگەڕێینەوە بۆ نموونەی شەترەنج، چی دەبێت ئەگەر ماشینەکە ئەوەندە ژیر بێت کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕێساکانی تەختەی شەترەنج بەڵگە بهێنێتەوە و کار بکات. لەو حاڵەتەدا، لەوانەیە ماشینەکە، بۆ بردنەوەی یارییەکە، پەنا بباتە بەر کاری نەشیاو وەک هیپنۆتێزکردنی دژبەرەکەی؛ یاخود لە کاتی بیرکردنەوەی دژبەرەکەیدا ژاوەژاوێک بکات و بیرکردنەوەی بشێوێنێت. هەروەها لەوانەیە هێزی دیکەی کۆمپیوتەرەکە بۆخۆی قۆرخ بکات. ئەو هەڵسوکەوتانە شتێکی ناژیرانە یان گەمژانە نین؛ بەڵکوو ئەنجامی لۆجیکیی ئەوەن کە بردنەوە بە تاکە ئامانجی ماشینەکە دابنرێت.
ناکرێت هەموو ئەو ڕێگانە پێشبینی بکرێن کە ماشینێک بە هەڵسوکەوتی نەشیاو بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو دەتوانێت بیانگرێتەبەر. کەواتە ئەوە بەڵگەیەکی دروستە کە مۆدێلی ستاندارد بە مۆدێلێکی ناتەواو دابنرێت. ئێمە نامانەوێت ماشینەکان بە شێوەیەک پەرە بدەین کە شوێن ئامانجەکانی خۆیان بکەون؛ دەمانەوێت شوێن ئامانجەکانی ئێمە بکەون. ئەگەر نەتوانین بەباشی ئەو ئامانجانە بۆ ماشینەکان بگوازینەوە، ئەوا پێویستمان بە گەڵاڵە کردنێکی نوێ دەبێت، وەها کە ماشین شوێن ئامانجەکانی ئێمە بکەوێت، بەڵام تەواو دڵنیا نین کە دەگەینە ئەو ویستە یان نا. کاتێک ماشینێک دەزانێت کە ئامانجەکەی بە تەواوەتی نازانێت، بەپارێزەوە هەڵسوکەوت دەکات، پرس دەکات، تاکوو بەو شێوەیە بەپێی پێدراو و بینراوەکانی ویستەکانی ئێمە باشتر تێبگات و بێتە ژێر ڕکێفی مرۆڤەوە. بەپوختی، ئێمە بکەری وامان دەوێت کە بتوانین بیسەلمێنین بکەرێکی بەسوود دەبێت بۆ مرۆڤایەتی.
وێڕای هەبوونی ڕێساگەلی جۆراوجۆر لە ئاستی جیهانی و یەکیەتی ئەورووپادا هەلی پێشێلکاری و خراپ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد زۆرە. ناوەندەکانی سیخوڕی و پەرەدەرانی چەکی سەربەخۆ لەوانەیە ئامانجی پێناسەکراو بە ڕاست بزانن، لەوانەیە بە ڕێکارێک بۆ بەرگری لە خۆیانی بزانن، یان هاوشێوەی بۆمبی ئەتۆم وەک ئامرازێکی هێز سەیری ژیریی دەستکرد بکەن کە دەتوانێت ڕێگری لە شەڕبکات.
ئەو مەترسییانەی ئاماژەیان پێ کرا لە ئاستی جیهانیدا هەن و کۆمەڵگایەکی بێدەوڵەتی وەک کوردستان کە لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە تەواوەتی سڕاوەتەوە ناتوانێت کاریگەرییەکی وای ببێت. بۆیە بە گرینگی دەزانین کە هۆشیارییەکی تەواو و قووڵ لەسەر ئەو تەکنۆلۆژییە ببێت، چونکە هۆشیاری لە لایەکەوە یارمەتی دەدات کە ڕێگەکانی خۆپارێزی لە زیانەکانی بزانین.
سەرچاوەکان:
1. Domingos, P. (2017). The master algorithm. Penguin Books.
2. Russell, S. and Norvig, P. (2022) Artificial Intelligence: A Modern Approach. 4rd Edition, Prentice-Hall, Upper Saddle River.
3. Russ S. (2019). Human compatible : artificial intelligence and the problem of control, Viking.
4. Friedenberg, Jay. , Gordon Silverman, and Michael J. Spivey. (2022). Cognitive Science: An Introduction to the Study of Mind. Sage Publications.