گرووپی توێژینەوەی ئاسۆسۆفت

لۆگۆی گرووپی ئاسۆسۆفت

ئاسۆسۆفت (AsoSoft) گرووپێکی توێژینەوە و بازرگانییە و کار لەسەر تەکنۆلۆژیای پرۆسێسی زمانی سروشتی دەکات بۆ زمانی کوردی.

ئاسۆسۆفت گرووپێکی توێژینەوەیە کە لە لایەن مامۆستایان و خوێندکارانی کوردەوە دامەزراوە و لە بواری پرۆسێسی کۆمپیوتەریی زمانی کوردی چالاکی دەکات. زمانی کوردی یەکێک لەو زمانانەیە کە سەرچاوەی کەمی لە بواری زمانناسی و بە تایبەت زمانناسیی کۆمپیوتەریدا هەیە. ئەم گرووپە هەوڵ دەدات سەرچاوە و ئامێر بۆ پرۆسێسی کۆمپیوتەریی زمانی کوردی دابین بکات.

بۆ ئەو مەبەستانەی باس کران، چالاکییەکانی گرووپەکە جۆربەجۆرن کە بەشێک لە بەرهەمەکانی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینرێن:

تایپکردنی دەنگیی سەرهێڵ بۆ کوردی

مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە، توێژینەوە و پەرەدانە بە بواری سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی ئاخاوتن (Automatic Speech Recognition) بۆ زمانی کوردی ناوەڕاست بووە کە سەرەکیترین دەرەنجامەکەی داڕشتن و جێبەجێکردنی سیستەمێکی تایپی دەنگییە بۆ ئەم زمانە. بە یارمەتیی ئەم سیستەمە، بەکارهێنەران دەتوانن قسە بکەن و سیستەمەکە بە شێوەی ئۆتۆماتیک تایپی بکات. یەکێک لە گرنگترین قازانجەکانی ئەم بەرهەمە خێراترکردنەوە و ساکارکردنەوەی شێوازی تایپی دەقی کوردی و کاروبارەکانە.

سوودەکانی:

  • ڕاستەوخۆ و بە شێوەی بەردەوام قسە بکە، سیستەمەکە بە خێرایی و بە کەمترین هەڵەوە تایپی دەکات.
  • فایلی دەنگیشی پێ بدە لە چەند چرکەیەکدا بۆت دەکاتەوە بە دەقی نووسین.
  • هەر ڤیدیۆیەکیشی پێ بدەیت، دەقی وتە کوردییەکانی دەکاتەوە بە دەقی نووسراوە.

خوێنەری سروشتی و خێرای دەقی کوردی

سیستەمی گۆڕینی دەقی نووسین بۆ ئاخاوتن (Speech Synthesis / Text-to-Speech) بریتییە لە بەرهەمهێنانی قسەکردنێک کە هاوشێوەی قسەکردنی مرۆڤە

سوودەکانی:

  • بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت (نابیناکان) یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ خوێندنەوەی دەقی کوردی
  • ڕێگایەکی زۆر ئاسانە بۆ فێربوونی خوێندنەوەی دەقی کوردی، بەتایبەت بۆ منداڵان و ئەو کەسە بیانییانەی کە دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن
  • ئەم سیستەمە زۆر بە سوود دەبێت بۆ خوێندنەوەی کتێبە کوردییەکان و دروستکردنی کتێبی دەنگی بۆ زمانی کوردی

هەڵەچنی وردبین و خێرا بۆ پێداچوونەوەی دەقی کوردی

«هەڵەچنی ئاسۆ» هەڵەچنێکی (Spell-Checker) سەرهێڵە کە یارمەتیی بەکارهێنەرە کوردەکان دەدات بە خێرایی و وردبینییەوە بە دەقەکانیاندا بچنەوە و هەڵەی ڕێنووسی و هەڵەی خاڵبەندی بە ئاسانی چارەسەر بکەن. هەڵەچنی ئاسۆ هەڵە ڕێنووسییەکان و خاڵبەندییەکانی دەقی کوردی دەستنیشان دەکات و هەندێکیان بە ئۆتۆماتیک چارەسەر دەکات و بۆ ئەوانی دیکەش پێشنیازی گونجاو دەخاتە بەردەستی بەکارهێنەر تا بە یەک کلیک ڕاستیان بکاتەوە.

سوودەکانی:

  • هەڵەی ڕێنووسی دەستنیشان دەکات و پێشنیاز دەخاتە بەردەست بۆ ڕاستکردنەوەی
  • هەڵە بەرچاوەکانی خاڵبەندی دەدۆزێتەوە و بەیەکجاری ڕاستیان دەکاتەوە
  • نووسینە جۆربەجۆرەکانی وشەکان دەناسێتەوە و پێشنیاز بۆ باوترینیان دەدات