مۆدێلی ناسینەوەی شێوەزارە کوردییەکان

مۆدێلی ناسینەوەی شێوەزارە کوردییەکان

ئەم پێنج دەنگەتان بیست؟ «شما» زانیتان کام شێوەزاری کوردین؟ لەڕووی چییەوە زانیتان «کیژان» دەنگ زازاکییە و «کێهە»یان کەڵهوڕییە؟ ڕەنگە زاراوەی هەر پێنج قسەکردنەکانتان بە دروستی ناسیبێتەوە یان لانی کەم یەکێکیانتان ناسیبێتەوە. لە دونیای پرۆسێس کردنی دەنگدا بەم کارە «ناسینەوەی شێوەزار» دەبێژن.

چلۆن ئێمە توانیمان ئەم شێوەزارە کوردییانە بناسینەوە؟ چۆن لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە «دکارین» ئەم توانایییە بدەین بە کۆمپیوتەر؟

ناسینەوەی ئەم شێوەزارانە بە مەرجێک بۆمان دەلوێت کە پێشتر بیستبێتمان یان کەسێکی شارەزا یان خودی بێژەر پێی گوتبێتین ئەم شێوە ئاخڤینە سەر بە کام لە شێوەزارە کوردییەکانە. لە دونیای فێربوونی ماشیندا بەم شێوە ڕاهێنانە «فێربوون بە ڕاهێنەرەوە» (Supervised Learning) دەڵێن. بەڵام بە چ دانستەگەلێکەوە (Features) ناسینەوەی شێوەزارەکان فێر دەبین؟ ڕەنگە سادەترین وەڵام وشەی تایبەتیی هەر شێوەزار بێت چەشنی «ئەڕا، چما، دەڵێم، شەوەکی، شما و …» یان ڕێزمان و پێکهاتەی وشە و تۆنی هەر شێوەزار. ئەندازیارانی فێربوونی ماشین ئەم دانستانە بۆ هەر دەنگ دەردەهێنن یان چەشنی ئەم کارەی ئێمە لە فێربوونی قووڵ بۆ دەرهێنانی ئەم دانستانە کەڵک وەردەگرن. دەرهێنانی دانستە دەتوانێت پشت بە پسپۆڕی ئەو بوارە ببەستێت یان بە کەڵک وەرگرتن لە زانستی بیرکاری دانستەکان لە دراوەکان دەربهێنن.

ناسینەوەی شێوەزار بۆ چی بەکار دێت؟ ئەم ناسینەوە دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ بەشەکانی تری پرۆسێسی دەنگ وەکوو گۆڕینی ئاخڤین بۆ دەق تاکوو مۆدێلی ڕاهێنراو بۆ ئەو شێوەزارە چالاک بێتەوە و ڕێبازی پرۆسێسەکە بە ئاقاری تایبەت بەو شێوەزاریەدا بڕوات.

بۆ ڕاهێنانی مۆدێلێک کە توانای ناسیەنەوەی شێوەزارە کوردییەکانی هەبێت سەرجەم ٤٩ کاتژمێر و ٣٦ خولەک دەنگ لە شێوەزارەکانی کورمانجی ژووروو، کورمانجی ناونجی، کورمانجی خواروو، گۆرانی (هەورامی و زازاکی) کۆ کراونەتەوە. ئەم دەنگانە لە سەرچاوەی جیاوازەوە کۆ کراونەتەوە و یەک بە یەک گوێیان لێ ڕاگیراوە تاکوو لە هەر پەڕگەدا تەنیا و تەنیا بە یەک شێوەزار قسە کرابێت. لە هەر پەڕگەیەکدا کۆمەڵێک وتووێژ بووە کە چەند زمان یان شێوەزاری تێدا بووە. دەنگەکانیش خاوێن نەبوون و پڕ بوون لە ویزە و کڕەکڕ و گرمەگرم و ... (Noise)، ئەم دەنگانە و دەنگی بەکار نەهاتوو کە لە بەشی پێش پرۆسێسدا پاقژ کراونەتەوە.

خشتەی خوارەوە ئامارێک لە دەنگە کۆکراوەکانی شێوەزارەکان نیشان دەدات:

شێوەزارژمارەکورتترین
(چرکە)
درێژترین
(چرکە)
مامناوەندی
(چرکە)
کۆ
(ماوە)
هەورامی187683611.25:49:42
زازاکی383983910.411:08:23
کورمانجی ژووروو360383711.011:00:57
کورمانجی ناونجی338683711.110:24:08
کورمانجی خواروو368183811.011:13:22
کۆ16,38583910.949:36:32

کەمبوونی دەنگی هەندێک لە شێوەزارەکان بە تایبەت هەورامی یەکێک لە کۆسپ و لەمپەرەکانی پرۆسێسی زمانی کوردییە.

داگرتن

دەتوانن کۆمەڵە دراوەی زار (Zar) لە ڕێگەی ئەم بەستەرەوە دابگرن:

(https://github.com/ArashAmani/Kurdish-Dialect-Recognition)

و لێرەش وتارەکەی بخوێننەوە:

(https://link.springer.com/chapter/10.1007/978-3-030-87802-3_5).

فەرهەنگۆک

دەزانن هەر کام لەم وشانە سەر بە کام ناوچە و زاراوەی کوردییە؟

شما: ئێوە

ئەڕا: بۆ

دکارین: دەتوانین

کێهە، کیژان: کامە