بڵاوبوونەوەی کۆرپسی دەقی ئاسۆسۆفت
کورتە: بەشێک لە کۆرپسی دەقی ئاسۆسۆفت بە قەبارەی ٧٥ ملیۆن وشە بە شێوەی سەرهێڵ بڵاو کرایەوە. هەروەها کۆمەڵە دراوەی تایبەت بە ناسینەوەی بابەتی دەق کە پەراوێزنووسی کراوە خرایە بەر دەستی توێژەران
کۆرپسی دەق یەکێک لە گرینگترین سەرچاوەکانی زمانە کە بۆ زۆربەی توێژینەوەکانی بوارە زانستییەکانی زمانناسی، فێرکاریی زمان، پێواژۆی زمانی سروشتی و پێواژۆی ئاخاوتن پێویستییەکی بنەماییە.
کۆرپسی دەق بە کۆمەڵە دەقێکی گەورە دەگوترێت کە بە شێوەی ئامانجدار کۆ دەکرێنەوە و پەراوێزنووسی دەکرێن. کۆرپسەکان چەندین جۆری جیاجیان هەیە کە بە ئامانجی تایبەت کۆ دەکرێنەوە و کاری پێواژۆی کۆمپیوتەرییان لەسەر ئەنجام دەدرێت.
کۆرپسی دەقی ئاسۆسۆفت، یەکەمین کۆرپسی قەبارە-گەورەی زمانی کوردیی ناوەندییە کە لە لایەن توێژەرانی کوردەوە لە گروپی توێژینەوە و پەرەدانی ئاسۆسۆفتدا بەرهەم هاتووە. ئەم کۆرپسە لە سەرچاوەی جۆراوجۆر وەک ماڵپەڕەکان، ڕۆژنامەکان، کتێبەکان و گۆڤارەکان کۆ کراوەتەوە کە کۆی گشتیی ژمارەی وشەکانی لە قۆناغی ئێستادا لە سەرووی دووسەد ملیۆن وشەیە. بەشێکی بەرچاو لە کۆرپسی ئاسۆسۆفت بە بڕی ٧٥ ملیۆن وشە بە شێوەی سەرهێڵ خراوەتە بەر دەستی توێژەران کە دەتوانن کەڵکی لێ وەربگرن. هەروەها بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن سەرجەم کۆرپسەکە دابگرن وەشانێکی بچوکتری بە قەبارەی ٥ ملیۆن وشە لەبەر دەستدایە.
لەم کۆرپسە دەکرێت بۆ بوارەکانی فەرهەنگنووسی، فێرکاری زمانی کوردی، پێواژۆی زمانی سروشتی (دەرهێنانی وشەدان، دەرهێنانی مۆدێلی زمانی و هتد) کەڵک وەربگیرێت.
جگە لەمە، بەشێک لە کۆرپسی ئاسۆسۆفت پەراوێزنووسی کراوە و بابەتەکانی هەر بوارێک جیا کراونەتەوە کە توێژەران دەتوانن بۆ ناسینەوەی بابەت (Topic identification) کەڵکی لێ وەربگرن.
وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە توێژەران لە سەرانسەری جیهاندا، هیواخوازین کە ئەم پڕۆژەیە ببێتە هۆی گەشەی زیاتری زمانی کوردی و یارمەتیدەری پەرەسەندنی توێژینەوەی زیاتر لەسەر زمانەکەمان بێت.
دەتوانن لە ڕێگەی ئەم بەستەرەوە کۆرپسی ئاسۆسۆفت دابگرن: کۆرپسی دەقی ئاسۆسۆفت لە GitHub