ناسینەوەی ئۆتۆماتیکیی ئاخاوتن و تایپی ئاخاوتنی کوردی
(بەشی یەکەم: ناساندنی سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن)
د. هادی وەیسی
گرووپی توێژینەوە و پەرەدانی ئاسۆسافت
یەکێک لە گرینگترین قازانجەکانی تێکنۆلۆژی باشتر کردنی ئاستی ژیان و ساکارکردنەوەی شێوازی ئەنجامی کاروبارەکانی مرۆڤە. ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤەکان ئاوێتەی جۆرە جیاجیاکانی کۆمپیووتەرەکان بووە و ئەم پیشەزانییە لە خێراکردن و ساکارکردنەوەی کارەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە. ژیریی دەستکردی وەک یەکێک لە بوارە نوێیەکانی جیهانی کۆمپیووتەر هەوڵ دەدات سیستمگەلێک بەرهەم بهێنێت کە هەڵسوکەوتیان هاوشێوەی هەڵسوکەوتی مرۆڤ بێت و لەم ڕێگەیەوە ئامێرگەلێکی نوێ بۆ باشترکردنی ژیانی کۆمەڵگە بەرهەم بهێنێت کە هەندێک لەو ئامێرانە سەردەمێک بۆ مرۆڤ وەک خەون بوون. پەرداوتنی سیگناڵی دیجیتاڵ و بە شێوەیەکی تایبەتتر پەرداوتنی ئاخاوتن بوارێکی ژیریی دەستکردە کە هەوڵ دەدات لە ناسینەوە و تێگەیشتنی ئاخاوتن، بەرهەمهێنانی ئاخاوتن و باشترکردنی ئاخاوتن وەکوو مرۆڤ هەڵسوکەوت بکات.
ناسینەوەی ئۆتۆماتیکیی ئاخاوتن (ASR: Automatic Speech Recognition)، سەنتێزی ئاخاوتن یان گۆڕینی دەق بۆ دەنگ (TTS: Text-To-Speech)، پەستاوتن و ئینکۆدکردنی ئاخاوتن و باشترکردنی کوالێتیی ئاخاوتن لە گرینگترین بەشەکانی بواری پەرداوتنی ئاخاوتنن کە هەرکامیان لە باشترکردنی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە. ناسینەوەی ئاخاوتن کە بە پڕۆسەی گۆڕینی دەنگ بە دەق یان دەستوور دەوترێت ئەو تواناییە بە کۆمپیووتەرەکان و مەکینەکان دەدات کە ئاخاوتنی مرۆڤ ببیستن و پاش گۆڕینی بە دەق (تایپی ئاخاوتن) لە وەڵامدا دژکردوەی شیاو لە خۆیان بنوێنن. بەم شێوازە مرۆڤەکان دەتوانن خێراتر و ساکارتر لەگەڵ مەکینەکانی دەوروبەریان پەیوەندی ساز بکەن و ئەو تواناییە دەدات بە مرۆڤەکان کە بەبێ بەکارهێنانی دوگمە و کلیلەکان بتوانن لەگەڵ کەرەسەکاندا زۆر بە ساکاری پەیوەندی ساز بکەن. سەنتێزی ئاخاوتن یان گۆڕینی دەق بە دەنگ بەو مێتۆدانە دەوترێت کە ڕێگە دەدات کۆمپیووتەرەکان دەقی تایپکراو بخوێننەوە. سەنتێزی ئاخاوتن ڕێگە دەدات کە زۆر سیستم وەک ئاگادارکردنەوەی تەلەفۆن و نەرمامێرەکانی مۆبایلەکان بتوانن دەق و زانیارییەکی نوێ کە وەریدەگرن بەبێ یارمەتیی مرۆڤەکان دەریبڕن. بۆ وێنە: گۆڕینی دەقی کتێبە ئەلەکترۆنییەکان بە دەنگ و خوێندەوەی کورتەنامە لە کەڵکەکانی ئەم سیستمانەن. جگە لەمانە، سیستمەکانی خوێنەری دەق بوونەتە هۆی ئەوەی کە جیهانی نابینایان بە گشتی ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت، سیستمەکانی کە لەسەر ئەم بنەمایەن ئەو تواناییە بە نابیناکان دەدن کە بتوانن بابەتەکان و دەقەکان بە شێوەی دەنگ ببیستن. ئاگاداری لە جیهانی دەرەوە، دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی زانیاریی جیاجیا وەک کتێبەکان و ماڵپەڕە ئینتەرنێتییەکان، ساکارکردنەوە و خێراکردنی فێرکاری لە کەڵکەکانی ئەم سیستمانەن. پەستاوتن و ئینکۆدکردنی دەنگ لە گرینگترین تێکینکەکانی پەرداوتنی ئاخاوتنە کە لە سیستمەکانی پەیوەندیی دوورادووردا (بە تایبەت لە سیستمە بێتەلەکان وەک مۆبایل) و پاشەکەوت کردنی زانیارییە دەنگییەکان (وەک شێوازە جۆراجۆرەکانی پەستاوتنی دەنگ) کەڵکیان هەیە. شێوازەکانی باشترکردنی کوالێتیی ئاخاوتن وەک ئامرازێک بۆ زیادکردنی کوالێتیی سیگناڵە دەنگییەکان و سڕینەوەی نۆیز لە دەنگ یان بەهێزکردنی کۆئەندامی بیستنی ئەو کەسانەی گوێیان قورسە، بەکار دێت. سڕینەوەی نۆیز لە کابینی فڕۆکەوان لە هێلیکۆپتەرەکاندا، بردنەسەری کوالێتیی کاسێتە کۆنەکان و لابردنی ژاوەژاوی دەوروبەر لە بیستۆکەکاندا نموونەگەلێکن لە کەڵکەکانی ئەم تێکنیکانە.
سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن کە لەم وتارەدا باسیان لێدەکرێت وەک یەکێک لە گرینگترین ئامێرە نوێکانی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و کۆمپیووتەر ڕۆڵێکی زۆر گرینگیان لە خێراکردن و ساکارکردنەوەی پەیوەندی و دەستڕاگەیشتن بە تێکنۆلۆژییە نوێیەکان هەبووە. لەڕاستیدا، جگە لەوەی کە قسەکردن و ئاخاوتن یەکەمین، سادەترین و بەکەڵکترین شێوازی سازکردنی پەیوەندی بووە و وا دەمێنێت، ڕەوتی هەنووکەی تێکنۆلۆژی بە شێوەیەک بووە کە نەیتوانیوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. لێهاتوویی و چاوەڕوانیی مرۆڤەکان لە تێکنۆلۆژی چارەسەری کێشە ئاڵۆز و زۆر ئاستەمەکان بووە، بەڵام مەکینەکانی ئێستا سەرەڕای توانایی زۆر و خێرابوون و وردبینی، نەیانتوانیوە ساکارترین کارەکانی ژیانی ڕۆژانە جێبەجێ بکەن، کێشەیەک کە پسپۆڕانی ژیریی دەستکردی بەم پەندە باسی دەکەن: “کارە ئاستەمەکان ساکار و کارە ساکارەکان ئاستەمن!” . کەڵکوەرگرتن لە ئاخاوتن وەک سروشتیترین ڕێگەی پەیوەندی، لە ئاواتە لەمێژینەکانی مرۆڤ بۆ پەیوەندی لەگەڵ مەکینەکان بووە. بەڵام سەرەڕای پێشکەوتنی تا ڕادەیەک زۆری مەکینەکان و ئاوێتەبوونیان لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی کەسەکان. پەیوەندی لە ڕێگەی ئاخاوتن و پێکەوە قسەکردنی نێوان مرۆڤ و مەکینە ئاستەمە.
ئاڵۆزیی یەکجار زۆری پێکهاتە و کۆئەندامی بەرهەمهێنان و ناسینەوەی ئاخاوتن لە مرۆڤدا و نەناسراوبوونیان، دەستڕانەگەیشتن بە قەبارەیەکی گەورە لە دەیتاکان بۆ سازکردنی مۆدێلەکان لە ژیریی دەستکردیدا، هەروەها لاوازیی لە پەرداوتن و کەمیی بیرگەی سیستمە کۆمپیووتەرییەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەگەیشتن بە تێکنۆلۆژیی ئاخاوتن و پەرداوتنی ئاخاوتن تاکوو دوو دەیەی پێشوو بووە. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ئەم دواییەی دەیتاکانی بەردەست و چوونەسەری توانایی پەرداوتن و بڕی بیرگەی کۆمپیووتەرەکان و لە ئاکامی هەوڵ و توێژینەوەی بەربڵاو لە بوارەکانی پەرداوتنی ئاخاوتن، زانستی کۆمپیووتەر، ناسینەوەی پەتێرن، تیۆریی زانیاری، زمانناسی، فیزیۆلۆژی و دەروونناسی، ئەمڕۆکە سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن چوونەتە بواری جێبەجێ کردن و دەتوانین لە ڕێگەی ئاخاوتنەوە لەگەڵ مەکینەکان پەیوەندی ساز بکەین. سیستمەکانی ئێستاکەی ناسینەوەی ئاخاوتن هەرچەند کۆمەڵێک کێشەیان هەن، بەڵام لە زۆر جێگەدا بەشێوازێکی کاریگەر بەکار دەهێنرێن و ئەم بابەتە زیاتر توێژەران و پەرەدەرانی هان داوە کە ئەم سیستمانە باشتر بکەن. ئەمڕۆکە جگە لە زمانی ئینگلیزی بۆ زمانی دیکە و لەوانەش زمانی فارسی بۆ دەستڕاگەیشتن بەم تێکنۆلۆژییە و خستنە بواری جێبەجێ کردن هەوڵ دەدرێت. لە نموونە گشتی و بازرگانییەکانی ئەم سیستمانە کە لەبەر دەستدان دەتوانین ئاماژە بە سیستمی ناسینەوەی ئاخاوتنی گووگڵ (بۆ تایپ و گەڕان بە دوای دەستەواژەکاندا بە دەربڕینان لە ڕێگەی ئاخاوتنەوە) و مایکرۆسافت (بۆ فەرماندان بە ویندەوز) و ئاریکارە ژیرەکان لەسەر مۆبایلەکان وەکوو Siri لە iOSی کۆمپانیای ئەپڵ، Cortana لە ویندەوزی مۆبایلی کۆمپانیای مایکرۆسافت و Google Now لە ئەندرۆیدی کۆمپانیای گوگڵ بکەین. هەڵبەت دەبێت ئەوە بڵەین کە ئەم سیستمانە هێشتا لە سەرەتادان و لە بارودۆخی ڕاستەقینە وەک شوێنێک کە نۆیزی زۆرە یان لە ناسینەوەی ئاخاوتنی نافەرمی و دوان بە بنزاراوەکان تووشی هەڵەیەکی زۆر دەبن.
سەرنجەکان
تا ئێستا سەرنجێک دانەنراوە