قازانجەکان و کەڵکەکانی سیستمەکانی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکیی ئاخاوتن
هادی وەیسی
گرووپی توێژینەوە و پەرەدانی ئاسۆسافت
hadi[at]asosoft[dot]com
asosoft.com
تێکنۆلۆژییەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن چ بە شێوەی سەربەخۆ چ بە شێوەی ئاوێتە لەگەڵ تێکنۆلۆژییەکانی دیکەدا بە کار دەهێنرێن. ناسینەوەی ئاخاوتن سەرەڕای کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر بەکارهێنانی زیاتری زمان و زیندووڕاگرتنی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاخێوەرانی زمانەکان بە شێوازێکی سادەتر پەیوەندی لەگەڵ یەکتری ساز بکەن. بۆ وێنە، ئەگەر وەرگێڕێکی ئاخاوتن بە ئاخاوتن لە زمانی کوردییەوە بۆ زمان(ەکانی) دیکە ببێت، هەم ڕێگەی پەیوەندیی کوردەکان لەگەڵ زمانەکانی دیکە کردەیی دەبێت و هەمیش پێویست ناکات کە بە شێوازی ڕاستەوخۆ زمانێکی دیکە بەکار بهێنن. بەڵگەنەویستە کە سازکردنی پەیوەندیی ئاسان و بە تێچووی کەم لە نێوان تاکەکانی زمانەکاندا دەبێتە هۆی گەشە و پەرەسەندوویی لە بوارگەلی فەرهەنگی، زانستی، ئابووری، توریستی، سیاسی و هتد. لە لایەکی دیکەوە، بەکارهێنانی سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن دەبێتە هۆی چوونەسەری ئاستی ژیان، چوونەسەری کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان و بە دەستهێنانی ڕەزایەتی مشتەری و لە ئەنجامیشدا دەبێتە هۆی بە دەستهێنانی داهاتی زیاتر. بەکارهێنانی ناسینەوەی ئوتۆماتیکیی ئاخاوتن لە شوێنە جیاجیاکاندا سەرەڕای ساکارکردەوەی زیاتر دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تێچوو بۆ کۆمپانیاکان و ڕێکخراوەکان.
بۆ وێنە دەکرێت ئاماژە بە تایپی ئاخاوتن لە ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر دۆخی نەخۆشەکان بکەین کە لە لایەن پزیشکەکانەوە دەبێت ئامادە بکرێت. لە ئامادەکردنی ڕاپۆرت یان ئامادەکردنی شیکاری سەبارەت بە وێنەیەکی ڕادیۆلۆژی بە شێوەی نەریتی، دەبێت سەرەتا پزشک ڕاپۆرتێکی نووسراو لەسەر دۆخەکە ئامادە بکات و ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن بەردەستێکەوە بنووسرێت و دیسان بگەڕێنرێتەوە بۆ پزشکەکە و ئەگەر پێویست بوو هەڵەگری بکات. دوای ئەم قۆناغە بەردەستەکە هەڵەکانی ڕاست دەکردەوە و دیسانەوە ڕادەستی پزشکەکەی دەکرد تاکوو پشتڕاستی بکاتەوە. دیارە کە ئەم پڕۆسە کاتێکی زۆری دەوێت و بەشێکی بەرچاو لە کاتی پزشک دەگرێت. ئەمڕۆکە سیستمەکانی ئۆتۆماسیۆنی ڕاپۆرت وەرگرتن کەڵک لە توانایی ناسینەوەی ئاخاوتن وەردەگرن و کات (و تێچوو) تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێننەوە. وەک کەڵکێکی ڕاستەقینە لەو سیستمەدا سەرەتا ڕاپۆرتی پزشک لە لایەن ئامێڕە دیجیتاڵییەکانەوە تۆمار دەکرێت و یەکسەر (بە شێوازی بێتەل) دەنێردرێت بۆ سیستمی ناسینەوەی ئاخاوتن تاکوو بیکات بە دەق. لە ڕاپۆرتێکدا کە کۆمپانیای فیلیپس لەسەر وەها سیستمێک داویەتی، وتوویەتی کە کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک کە پێشتر یەک هەفتەی پێدەچوو بۆ ٤٨ کاتژمێر کەم بووەتەوە. دیارە کە سەرەڕای کەمکردنەوەی تێچووی کات و پارە، ڕازیبوونی سەردانکەران و نەخۆشەکانیش مسۆگەر دەبێت.
نموونەیەکی دیکە لە کەڵکەکانی ناسینەوی ئاخاوتن کە گرینگی ئەم تێکنۆلۆژییە پیشان دەدات، وەرگێڕی ئاخاوتن بە ئاخاوتنە. لە وەرگێڕی ئاخاوتن بە ئاخاوتندا سەرەتا دەنگ لە زمانی سەرچاوەوە (بۆ وێنە کوردی) دەبێت بە دەق کە بۆ ئەم کارە لە سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن کەڵک وەردەگیرێت، پاشان دەقی زمانی سەرچاوە لە ڕێگەی وەرگێڕانی ماشینی بۆ دەقی زمانی مەبەست (بۆ وێنە ئینگلیزی) وەردەگێڕدرێت و لە ئەنجامدا دەقی زمانی مەبەست لە ڕێگەی سیستمەکانی خوێندەوەی دەق دەکرێتەوە بە ئاخاوتن. نموونەیەکی ئەم تێکنۆلۆژییە لە لایەن مایکرۆسافتەوە بۆ چەند زمان لە نەرمامێری Skypeدا پەرە دراوە. نموونەیەکی پێشووتر، Phraselator بوو کە لە لایەن چەکدارانی ئەمریکاییەوە لە شەڕی ئەمریکا و ئێراقدا بەکار براوە. ئەم سیستمە ئامێرێکە لە شێوەی مۆبایل کە بۆ وەرگێڕانی هەندێک دەستەواژە و ڕستە لە وتوووێژی ڕۆژانەی سەربازە ئەمریکاییەکان لەگەڵ عەرەبەکان (و پێچەوانەکەی) بە کار دەبرێت. گرینگی و دەوری کاریگەری ئەم ئامێرە لە سازکردنی پەیوەندی لە نێوان هێزە ئەمریکاییەکان و کەسانی زمانی دیکەدا زۆر بەرچاوە.
کەڵکەکانی سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن لە سیستمە تەلەفۆنییەکاندا زۆر بەرچاو و دیارە. هەروەک دەزانین سیستمە ئۆتۆماتیکییە تەلەفۆنییەکان (وەک بەردەستی ئۆتۆماتیک، تەلەفۆنی قسەکەر و…) بەشێک لە خزمەتگوزاریی زۆربەی کۆمپانیاکان و ڕێكخراوەکانن. ئەم سیستمانە کە لە دوگمەکانی سیستمەکانی تەلەفۆن (بە شێوازی تۆن) بۆ پێدانی زانیاری و سازکردنی پەیوەندی کەڵک وەردەگرن، پێویستە کە پشتگیری لە سیستمی تۆن بکەن و ڕێنوێنی پێویست لە بەکارهێنانی شێوازی کەڵکوەرگرتن لە کلیلەکانی تەلەفۆن بڵاو دەکەنەوە، ئەم کێشەیە لە زۆرێک لە شوێنەکاندا دەبێتە هۆی بەکارنەهێنان و کردەیی نەبوونی ئەم سیستمانە. بۆ وێنە لە سیستمی تەلەفۆنی خوێندەوەی قوڕئاندا، کەسێک لەگەڵ ژمارەیەکی تایبەت پەیوەندی دەگرێت و دوای داواکردنی ژمارەی سووڕەت و ژمارەی ئایەت و ژمارەی تایبەت بە قورئانخوێنەکە دەتوانێت گوێ لە قوڕئان -بە تەنیا یان لەگەڵ وەرگێڕانەکەی- بگرێت. ئێستا وای دانێن کە کەسێک ژمارەی سووڕەتێک کە دەیهەوێت نایزانێت، دەبێت چی بکات؟ لە سیستمەکانی کە لەسەر بنەمای تۆنن ڕێگەچارە ئەوەیە کە گوێ لە ڕێنوێنی دوور و درێژ بگریت “تکایە ژمارەی ١ بۆ سووڕەتی فاتیحە، ژمارەی ٢ بۆ سووڕەتی بەقەرە، ژمارەی ٣،… و ژمارە ١١٤ بۆ سووڕەتی ناس بگرن”. بەڵگەنەویستە ئەگەر بەکارهێنەر بیتوانیبایە ناوی سووڕەتەکە بێژێت زۆر سادەتر و ساکارتر کارەکە ئەنجام دەبوو، ئەم بابەتە بۆ ناوی قوڕئانخوێن و ئایەتەکەش هەر بەو شێوەیە.
وەک نموونەیەکی دیکە، سیستمە ئاریکارە دیجیتاڵەکان وەک Apple Siri و Microsoft Cortana گشت سەرنجڕاکێشی و بەکەڵکییان لە توانایی ناسینەوەی ئاخاوتن هەیە. ئەم سیستمانە لە ڕاستیدا چینێک لە سەرووی سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتنن و لە ئاستی تێگەیشتن لە ئاخاوتن و وتووێژ مامەڵە دەکەن، بەو شێوازە کار دەکەن کە بەکارهێنەر دەتوانێت لەگەڵیان قسە بکەت و ئەوانیش کارەکانی ڕۆژانەی بەکارهێنەر لەناو تەلەفۆندا ئەنجام دەدەن. بۆ وینە کاتێک دەڵەیت “دەمهەوێت سبەی کاتژمێر ١٠ لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسۆسافت کۆبوونەوەم هەبێت” سیستمەکە لە ڕۆژژمیردا ئەم کاتە دیاری دەکات و لەوانەیە زانیاریی یارمەتیدەر وەک شوێنی دیدارکەشتان لێ بپرسێت.
لە درێژەدا ژمارەیەک لە کەڵکە ناسراوەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن بە کورتی باس کراون. دیارە کە لەگەڵ باشتربوونی ڕۆژ لە دوا ڕۆژی توانایی ئەم سیستمانە، کەڵکی سیستمەکانیش زیاد دەبن.
- تایپی ئاخاوتن و سیستمی دیکتە: لە ڕێگەی تایپی ئاخاوتنەوە چیتر پێویست ناکات بە تەختەکلیل تایپ بکەن بەڵکوو دەکرێت زانیارییەکە بە شێوازی ئاخاوتن دەربڕن و کاری تایپ بە شێوازی ئۆتۆماتیک ئەنجام دەبێت. ئەم کارە دەبێتە هۆی خێراترکردنی پێدانی زانیاری و خێرایی نووسین و دەتوانێت دەتوانن بۆ تایپی نامە و ڕاپۆرتەکان کەڵکی لێ وەربگیرێت و بەڕێوەبەران، کارناسان، پزشکەکان، دادوەرەکان، پارێزرەکان، بەردەستەکان و هەروەها بەرکاهێنەرە ئاساییەکانی کۆمپیووتەر کەڵکی لێ وەبگرن. هەروەها دەکرێت بۆ گۆڕینی وتووێژ یان وتاربێژی بە دەقی هاوتا کەڵکی لێ وەربگیرێت.
- کەڵکەکانی لە تەلەفۆندا: تواناییە ئاخێوەرییەکانی سیستمە تەلەفۆنییە ئۆتۆماتیکەکان کە ئێستا بە سیستمی تۆن ئیش دەکەن دەتوانن کەڵک لە ناسینەوەی ئاخاوتن وەربگرن. توانایی بەکارهێنانی ئاخاوتن لەم سیستمانەدا بەو پێیەی کە دەبێتە هۆی خێراترکردن و سادەکردنەوەی پەیوەندی، دەتوانێت گرینگی ئەم سیستمانە چەند قات بکات و ئەو تواناییە بە بەکارهێنەران بدات کە بە شێوازێکی سادە و ئاسان بەبێ بەکارهێنانی کلیلەکانی سەر تەلەفۆن و تەنیا لە ڕێگەی سیستمی تەلەفۆنیی ئۆتۆماییک پەیوەندی ساز بکەن. ئەم تێکنۆلۆژییە دەتوانێت لە هەموو سیستمە تەلەفۆنییە هۆشمەندەکان (بۆ وەسڵ کردنی پەیوەندی بە کەسێک یان بەشێکی تایبەتی ناوەندێک تەنیا لە ڕێگەی وتنی ناوەکەی)، سیستمەکانی IVR و سیستمەکانی پەیوەندی لەگەڵ کڕیار CRM، سیستمەکانی تەلەفۆن بانک، سیستمەکانی ئاگادارکردنەوەی تەلەفۆنی، قوڕئانی تەلەفۆنی، دایرێکتۆرییەکانی قسەکەری تەلەفۆن، ڕاپرسیی تەلەفۆنی، ڕێزێرواسیۆنی تەلەفۆنی، هاوشێوەسازی وتووێژی مرۆڤ، دایرێکتۆرییە تەلەفۆنییەکان بە وتنی ناوی کەس یان ڕێکخراوە، سیستمەکانی ئۆتۆماتیکی وەرگرتنی بلیت (لە تێرمیناڵەکان، سینەماکان و شانۆکان) و .. بەکار ببرێت.
- کەڵکی ناسینەوەی دەستوور و فەرمانە دەنگییەکان: بەکارهێنانی ئاخاوتن وەک فەرمانی دەنگی دەتوانێت جێگەی کلیلەکان بگرێتەوە و ئەنجامدانی کارەکان زۆر کردەییتر و ساکارتر بکات. گرینگترین کەڵکەکانی ئەم بوارە بریتین لە: ڕانکردنی بەرنامەکانی کۆمپیووتەر بە وتنی ناوی بەرنامە، کۆنتڕۆڵی بەرنامە کۆمپیووتەرییەکان وەک ئافیس و بڵاوکردنەوەی موسیقی و…، کۆنتڕۆڵی ئامیرەکانی ناوماڵ، ئۆتۆماسیۆنی ئیدارەی ناوماڵ لە بینا هۆشمەندەکاندا (بە تایبەت لە بواری کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە)، فەرماندان بە ڕۆباتەکان و ئامێرە پیشەسازییەکان، فەرمانی دەنگی لە ئۆتۆمبیلدا کە شۆفیر پێویستی بە سەرنجدانی تەواوی ڕێگە هەیە، فۆڕمی قسەکەر بۆ پێدانی زانیاری بە فەرمانە دەنگییەکان (وەکوو پڕکردنەوەی فۆرمەکانی تایبەت بە ناونووسی، تۆماکردنی کاڵا و…)، ناسینەوەی ژمارەکان، پێدانی زانیاری بە سیستمە کۆمپیووتەرییەکان و کیوسکەکانی ئاگادارکردنەوە، ئامێرەکانی ATM لە بانکەکاندا و زۆر کەڵکی هاوشێوەی ئەمانە.
- کەڵکی تایبەت بە کەمئەندامان، نابینایان و کەڕەکان: لە ڕێگەی ئاخاوتنەوە زۆربەی کەمئەندامان و نابیناکان دەتوانن لەگەڵ ماشینەکان و کۆمپیووتەرەکان پەیوەندی ساز بکەن. بۆ وێنە کەسێکی نابینا دەتوانێت دەستوورگەلێک بە کۆمپیووتەر بدات و کۆمپیووتەرەکە کارەکانی بۆ جێبەجێ بکات یان کەسێک کە کەمئەندامی جەستەییە و ناتوانێت بە شێوازی ئاسایی زانیاری بە کۆمپیووتەر بدات دەتوانێت لە سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن بە مەبەستی تایپ، پێدانی زانیاریی و فەرماندە دەنگییەکان کەڵک وەربگرێت.کەڵکێکی تر بۆ ئەو کەسانەیە کە کێشەی بیستنیان هەیە، ئەم سیستمانە ئاخاوتن دەکەن بە دەقی هاوتا یان جووڵەی هێما و ئاماژە کە دەبێتە هۆی سادەبوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەم کەسانە. بە گشتی دەکرێت بوترێت کە ئەو کەمئەندامانەی کە یەک یان چەند ئەندامی جەستەیان لە کار کەوتووە دەتوانن لە ڕێگەی بەکارهێنانی کاریگەتری ئەندامەکانی دیکەیان و تێکنۆلۆژییە پێویستەکان کەمایەسییە جەستەییەکانیان قەرەبوو بکەنەوە، بەکارهێنانی ناسینەوەی ئاخاوتن توانایی دەستڕاگەیشتنی کەمئەندامان بە سەرچاوەکانی زانیاری، بەهیزکردنیان لە بواری فێرکاری و ڕاهێنان و کاکردنیان کردەیی دەکات.
- کەڵکی ئاوێتە: زیادبوونی لێهاتوویی سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن بووەتە هۆی بەکارهێنانیان وەک بەشێک لە سیستمگەلی گەورەتر. زۆر سیستمی بەکەڵک و ئابووری جیاجیا بە هەبوونی تێکنۆلۆژییەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن کردەیی دەبن وەک: سیستمی وەرگێڕانی ئاخاوتن بە ئاخاوتن، سیستمەکانی چاودێری کردن و مانیتۆرینگی ناوەرۆک لە مێدیاکاندا (وەک گۆڕینی ئارشیڤی کەناڵە تەلەفزیۆنی و ڕادیۆییەکان بە دەقێک کە بتوانیت تێیدا بگەڕێیت)، سیستمە ئۆتۆماسیۆنە ئیدارییەکان بەبێ کاغەز، سیستمەکانی وتووژێر و پەیوەندی نێوان ماشین و مرۆڤ وەک ئاریکارە دیجیتاڵەکان، دەستنیشانکردنی دروستیی بێژەکردن بۆ سیستمەکانی فێرکاریی زمان، بەکارهێنانیان لە یارییەکان و کایە کۆمپیووتەرییەکان بۆ سەرنجڕاکێشتر کردنیان.
- کەڵکی دیکە: زۆر بواری دیکە هەن کە بە شێوازیک پەیوەندییان بە ناسینەوەی ئاخاوتنەوە هەیە لەوانە دەکرێت ئاماژە بکەین بە: ناسینەوەی ئاخاوتن لەسەر کۆمپیووتەرەکان و ئامێرەکانی Hands-free وەک ڕێگەی پەیوەندیی بەکارهێنەر و پێدانی زانیاری، گەڕان بە شوێن وشە سەرەکییەکان لە ئاخاوتندا (Word Spotting) بۆ دۆزینەوەی هەندێک وشەی تایبەت و کەڵکی ئەمنیەتی لە پڕاسێسی دەیتا دەنگییەکاندا.
سەرنجەکان
تا ئێستا سەرنجێک دانەنراوە