شیکاریی لایەنگیری
شیکاریی لایەنگیری
(بەشی یەکەم: سەرەتا و پێناسەکان)
نووسەر:
موحەممەد موحەممەدئەمینی
گرووپی توێژینەوە و پەرەدانی ئاسۆسافت
mohammad@asosoft.com
١. سەرەتا
سەرهەڵدان و پەرەسەندنی وێبی ٠/٢ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر شێوازی بەرهەمهاتنی دەیتا بووە. یەکێک لەو کاریگەرییانە بەرهەمهاتنی دەیتا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ژوورەکانی وتووێژ، فرۆشگا ئینتەرنێتتییەکان و هتد لە لایەن هەر بەکارهێنەرێکی ئینتەرنێتەوەیە. پەرەسەندنی ئامێرەکانی پەیوەندی وەک مۆبایل و ئامێرە دەستییەکانیش[1] هۆکارێکی دیکەن بۆ خێراتر کردنی ڕەوتی بەرهەمهاتنی دەیتا. دەیتای ئەو شوێنانەی ئاماژەمان پێکردن، جیاوازییەکی گرینگی لەگەڵ دەیتا باوەکان هەیە. ئەو جیاوازییەش بەو شێوەیە کە ئەو دەیتای لێرەدا بەرهەم دێت، لەجێی ئەوەی سەبارەت بە فاکتێک بێت کە دەبینرێت یان هەستی پێدەکرێت، زیاتر ڕەنگدانەوەی سەرنج و ڕوانگەی کەسەکان یان گرووپەکانە سەبارەت بە کاڵایەک، ڕووداوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، پیشەیی و هتد.
لەلایەکی دیکەوە دەرهێنانی زانیارییەکی[2] واتادار لە سەرنج و تێڕوانینەکان دەتوانێت لە بڕیاردانی گرووپەکان و کەسەکان سەبارەت بە دیاردەیەکی تایبەت کاریگەری ببێت. دەرهێنانی ئەم زانیارییە بووە بە هۆی سەرهەڵدانی بوارێکی نوێ لە کۆڵینی دەق[3] و پەردواتنی زمانی سروشتی[4] کە پێی دەوترێت: کۆڵینی سەرنج. “شیکاریی لایەنگیری[5]“، کە بە ناوەکانی “کۆڵینی سەرنج[6]“، “دەرهێنانی هەڵسەنگاندن[7]“، “لێکدانەوەی هەڵوێست[8]“ ئاماژەی پێدەکرێت، بە کاری دۆزینەوە، دەرهێنان و پۆلێنبەندیی سەنجەکان، بیروڕاکان و هەڵوێستەکان سەبارەت بە بابەتە جیاجیاکان دەگوترێت کە نووسەر لە دەیتای دەقدا دەریدەبڕێت (Ravi and Ravi 2015).
هەروەک لە پێناسەی شیکاریی لایەنگیریدا دەردەکەوێت ئێمە دەبێت لەم بوارەدا هەوڵ بدەین لەناو دەقەکاندا سەرنجەکان بدۆزینەوە، و ئەو سەرنجانە پۆلێنبەندی بکەین. زمانی کوردیش لە سەدەی بیست و یەکەمدا لە زمانەکانی دیکە جودا نییە، بگرە ئەو شەپۆلەی بەرهەمهاتنی دەیتا وەک کڵاوڕۆژنەیەکیشە بۆ گەشەی زیاتری زمانی کوردی و گەشەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک فەیسبووک، ئینستاگرام، تێلێگرام، تویتێر و هتد.
چوارچێوەی گشتیی شیکاریی لایەنگیری لە بیچمی ١دا دەبینن، هەروەک لەم بیچمەدا دەبینن کۆمەڵێکی بەرچاو کێشەی تایبەت لەم بوارەدا هەن، پسپۆڕانی بواری پەرداوتنی زمانی سروشتی، شیکاریی لایەنگیری بە وەشانێکی بچوکتری پەرداوتنی زمانی سروشتی دادەنێن، چونکە لێرەدا زۆربەی ئەو کێشانەی کە لە بواری ئێن.ئێڵ.پیدا ڕووبەڕوویان دەبینەوە جارێکی دیکە سەرهەڵدەدەنەوە. لە درێژەی ئەم بابەتەدا سەرەتا چەمکە گشتییەکانی بواری شیکاریی لایەنگیری یان کۆڵینی سەرنج و پێناسەکانیان ڕیز دەکەین، پاشان کەڵکەکانی ئەم بوارە باس دەکەین و لە درێژەدا شیکارییەکی وردتر لەسەر هەموو بابەتەکان و کێشەکانی ئەم بوارە باس دەکەین و لە بەشی کۆتاییشدا ڕێبازەکانی ئیشکردن لەسەر بابەتەکان باس دەکەین. شیاوی باسە لە درێژەی بابەتەکاندا بەردەوام باس لە کێشە تایبەتەکانی زمانی کوردی لەم بوارەدا دەکەین و پێشنیاری چارەسەرکردنیان دەدەین و هەوڵ دەدەین نموونەکانمان لە زمانی کوردی بهێنینەوە و کێشەی ئەو دەیتایانەی زمانی کوردی باس بکەین کە ڕەنگدانەوەی سەرنج و تێڕوانینی تێدایە، شێوازەکانی پاڵاوتنی دەقەکان و ڕێنماییە پێویستەکان بۆ بەرهەمهاتنی دەیتایەکی بەنرختر بۆ زمانی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس دەکەین.
2. بنەماکانی شیکاریی لایەنگیری
لە توێژینەوەکاندا پێناسەیەکی هاوشێوە بۆ شیکاریی لایەنگیری کراوە، لێرەدا گرینگترین ئەو پێناسانە دەخەینە ڕوو:
ڕاوی و ڕاوی لە (Ravi and Ravi 2015) شیکاریی لایەنگیری بەمشێوە پێناسە دەکەن: «“شیکاریی لایەنگیری[9]“، کە بە ناوەکانی “کۆڵینی تێڕوانین[10]“، “دەرهێنانی هەڵسەنگاندن[11]“، “لێکدانەوەی هەڵوێست[12]“ ئاماژەی پێدەکرێت، بە کاری دۆزینەوە، دەرهێنان و پۆلێنبەندیی سەنجەکان، بیروڕاکان و هەڵوێستەکان سەبارەت بە بابەتە جیاجیاکان دەگوترێت کە نووسەر لە دەیتای دەقدا دەریدەبڕێت.» پەنگ و لی (Pang and Lee 2008) بەمشێوە پێناسەی دەکەن: «هەڵسوکەوتی ژمێریارییانە لەگەڵ سەرنج، لایەنگیری و بیروڕا لەناو دەقدا کە بە ناوەکانی کۆڵینی سەرنج، شیکاریی لایەنگیری و شیکاریی سابجێکتیڤیتی دەناسرێت». لە (Liu 2012) پێناسەی شیکاریی لایەنگیری بەمشێوە هاتووە: «شیکاریی لایەنگیری کە کۆڵینی سەرنجیشی پێ دەوترێت بوارێکی توێژینەوەیە کە تێیدا شیکاریی سەرنجەکان، ڕوانگەکان، هەڵسەنگاندنەکان، پێداهەڵگوتنەوکان، هەڵوێستەکان و هەستەکان سەبارەت بە هەبووەکان وەک کاڵاکان، خزمەتگوزارییەکان، ڕێکخراوەکان، کەسەکان، بابەتەکان، ڕووداوەکان و تایبەتمەندییەکانی هەرکام لەمانە، ئەنجام دەدرێت».
لە هەر کام لەو پێناسانەدا کۆمەڵێک چەمکی هاوبەش هەن کە لێرەدا پێناسەیەکی کورتی هەرکام لەو چەمکانە دەکەین Liu 2012) ).
الف. هەبوو[13]: هەبوو بە هەر شتێک وەک کاڵایەک، کەسێک، ڕووداوێک، ڕێکخراوەیەک یان بابەتێک دەگوترێت. هەبوو لە کۆمەڵێک بەش پێکدێت کە هەرکام لەم بەشانە خۆیان لە بەشی بچوکتر پێکدێن.
ب. ڕێڕەوی سەرنج لەسەر لایەنێک[14]: بە گشتی بە بەشەکانی هەبوو دەگوترێت لایەن، ڕێڕەوی سەرنج لەسەر لایەن بە کۆمەڵێک ڕستە دەگوترێت کە سەرنجێکی ئەرێنی یان نەرێنی سەبارەت بەو لایەنە تێدا هاتووە.
ج. لایەنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ[15]: ئەگەر لایەنێک بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕستەیەکدا هاتبێت پێی دەگوترێت لایەنی ڕاستەوخۆ، بەڵام ئەگەر بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە لایەنێک بکرێت پێی دەگوترێت لایەنی ناڕاستەوخۆ.
د. خاوەنی سەرنج[16]: خاوەنی سەرنج کەسێکە کە سەرنجێک یان بیروڕایەک دەردەبڕێت.
هـ. سەرنج: مەبەست لە سەرنج تێڕوانین، هەڵوێست، هەست یان هەڵسەنگاندێکی ئەرێنی یان نەرێنییە کە لەلایەن خاوەنی سەرنج سەبارەت بە هەبوویەک دەردەبڕدرێت.
و. لایەنگیری یان جەمسەرێتیی ڕستە[17]: جەمسەرێتیی سەرنج پیشانی دەدات کە ئایا سەرنج ئەرێنییە، نەرێنییە یان بە بێ ئاراستەیە.
ط. سابجێکتیڤیتی ڕستە[18]: ڕستە ئابجێکتیڤەکان هەندێک زانیاریی واقیعی سەبارەت بە جیهان پیشان دەدەن لە کاتێکدا کە ڕستەی سابجێکتیڤ هەستە تاکەکەسییەکان یان بیروڕاکان پیشان دەدات.
ح. سەرنجی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ[19]: سەرنجی ڕاستەوخۆ سەرنجێکە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕستەیەکی سابجێکتیڤدا بەیان کراوە، لە بەرامبەردا سەرنجی ناڕاستەوخۆ سەرنجێکە کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕستەیەکی ئابجێکتیڤدا بەیان کراوە.
ی. ڕستەی سەرنجدار[20]: ڕستەی سەرنجدار بە ڕستەیەک دەگوترێت کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بیروڕای ئەرێنی یان نەرێنی تێدا هەبێت. ڕستەکە دەتوانێت ئابجێکتیڤ یان سابجێکتیڤ بێت.
[1] handheld devices
[2] information extraction
[3] text mining
[4] natural language processing
[5] sentiment analysis
[6] opinion mining
[7] appraisal extraction
[8] attitude mining
٥lexicon creation
6aspect extraction
[9] sentiment analysis
[10] opinion mining
[11] appraisal extraction
[12] attitude mining
٥lexicon creation
6aspect extraction
[13] object
[14] feature
[15] explicit and implicit feature
[16] opinion holder
[17] sentiment orientation
[18] sentence subjectivity
[19] explicit and implicit opinion
[20] opinionated sentence
سەرنجەکان
تا ئێستا سەرنجێک دانەنراوە